ئەوجار ئاوڕێک دەدەمەوە لای کۆڕەکە؛ کاک مراد یوسفی فەرمووی ئەگەر ئیجازە بدەن، منیش هۆنراوەیەکی خۆم دەخوێنمەوە کە وڵامی سێ شوبهە دەداتەوە:
درد دلی با رسول خدا (صلی الله علیه و آله):
ای  رسول نازنین،   پیغمبرم،   ای رهنما
درد دلهایم  فراوان،  این چنین احوال ما:
شبهه‌ها هر روز و هر دم در کمین ما بُوَد
دشمنان  با  نام دانش،   در پیِ   ایمان  ما
این یکی گوید شماها، بی خبر  از ذاتِ علم
آن یکی هم مدعی است،  کهنه شدە قرآن ما
گُل ندیده کی بداند، چیست رنگ و بوی گُل
مدخل علم و یقین است، عطر آن فرقان ما
کهنه شد آنچه ضلالت در  لوایش لانه کرد
مندرس کی گردد آن نور، زنده کرد این جان ما
ای رسولم،  ای حبیبم،  ای شفیع روز جمع
صدهزاران بار سلامم،  بر تو باد  جانان ما
مراد یوسفی/14 مهر 1402سبییلهف
سەبارەت بە وەرگێڕانی نووسراوەکانی کاک مراد لپرسیارمان کرد و لە وڵامدا کوتی: بەرگی یەکەمی «الحاد نوین»، بە زمانی پەشتوو و تورکی وەرگێڕدراوە و بڵاو کراوەتەوە. بەرگی یەک و دوو لە لایان دوکتۆر فازل خزری، دوکتورای فیزیک، خەڵکی سەقز و نیشتەجێی سنە وەرگێڕدراوە بە کوردی.
لەو کاتەدا، د. یوسفی ڕووی لە د. ئەحمەدیان کرد و کوتی: ئەرێ بۆ کاناڵێکی تێلگڕامی بۆ بەرهەمەکانی عەللامە مامۆستا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان دانانێن، بۆ ئەوە هۆگران و لێکۆڵەران بتوانن زووتر بەرهەمەکانی ببیننەوە؟ کاک موحەممەد ئەحمەدیان کوتی: ڕاست دەفەرمووی زۆر بە جێیە. منیش عەرزم کردن: لەژێر ناوی بەرهەمەکانی عەللامە ئەحمەدیان داندرێ. د. ئەحمەدیان کوتی: کاک ئەحمەد موفتی‌زادە و کاک ناسری سوبحانی (خودا دەرەجاتیان عالی‌کا)، کۆمەڵێکی ئێجگار زۆر هەن کە بەرهەمەکانیان کۆدەکەنەوە و وتارەکانیان بۆ دەنووسنەوە، باوکم بەشێکی زۆر لەبەرهەمە دەنگییەکانی تا ئێستا پیادە نەکراوە، دوای فەوتی بابم زۆرمان کار کردووە، هەشت بەرهەمی ترمان بە چاپ گەیاندووە. چەند بەهەرمی تر ماون. منیش هەندێ کاری تریشم هەیە و ئێستا خۆم چەند بەهەمم هەیە لە کتێب و وتار کە  نەپەرژاوم بە چاپیان بگەیەنم. زۆرمان داوا لێکرد ئەوکارە بکات، بەڵێنی دا لە هەوەڵین دەرفەتدا هەنگاو بۆ ئەم کارە هەڵێنێتەوە.
د. موراد یوسفی، بیرەوەڕییەکی لە کاک حەسەن فەرامەرزی، مامۆستای خانەنشین، گێڕاوە و فەرمووی کاک حەسەن کوتی: بە هۆی ئەوەوە لە گەڵ دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان هاوپۆل بووین و زۆریش پێکەوە ڕەفیق بووین جارجار هاتوچۆی ماڵی مامۆستام دەکرد، جارێکیان لە گەڵ کاک ئەحمەد چووم بۆ ماڵیان، هەرکە وەژوور کەوتین و مامۆستا گوێی لە دەنگمان بوو فەرمووی کردین بۆ دیوەکەی خۆی، کە وەژوور کەوتم و سڵاوم کرد دیتم مامۆستا مێزێکی لە پێش خۆی داناوە و چەندین کتێبی لەسەر مێزەکە هەڵچنیون و دەوروبەریشی هەموو بە کتێب چندرابوو کە زۆربەیان کراوە بوون ، دەفترێکیشی لە پێش بوو لێی دەنووسی ، قەتم دیمەنی ئاوا نەدیبوو پێم سەیر بوو( دوایە بۆم دەرکەوت کە جەنابیان خەریکی نووسینی‌ یەکێک لە شاکارەکانییەتی )، لە بەرامبەر مامۆستا دانیشتم و بەخێرهاتنی کردم و ئەحواڵی پرسیم و هێندێک پرسیاری لێکردم، کاک ئەحمەدیش چوو چای بێنێت، فەرمووی پێم خۆشە ئەحمەد ڕەفیقێکی وەک تۆی هەیە، دوای ماوەیەکی کەم لە خزمەتی دانیشتین فەرمووی با نەسحەتێکتان بکەم : لە هەر شوێنێک مەتڵەبێکی جێگای سەرنجتان لە کتێب ، ڕۆژنامە ، گۆڤار یان ڕادیو ... خوێندەوە یان بیستتان، لە دەفتەرێکدا بینووسنەوە ( یادداشتی بکەن)، ڕۆژێک دێت بە کارتان بێت.
ئەوجار لە کاک موحەممەد ئەحمەدیان پرسیارکرا چەند بەرهەمەمتان چاپ کراوە؟ فەرمووی چوار بەهەمی چاپکراوم هەیە: یەکەم؛ کورد و ئایینی زەردەشت، دووهەم؛ مێژووی زانایانی ئایینی موکریان، سێهەم؛ (باوەڕ) لێکۆڵینەوە لەسەر ژیانی مامۆستا  مەلا کەریم شاریکەندی، چوارەمە فەرهەنگی حوجرە. پرسیمان ئەی چ ماوە بۆ چاپ؟ فەرمووی دوو کتێب ئامادەی چاپن: ١.کورد و ئایینی ئیسلام؛ ٢. خوێندنەوەیەکی نوێ(کە باسی سێ کەسایەتییە: مەلا ئیدریس بەدلیسی، مەلای خەتێ واتە مەلا موحەممەدئەفەندی و مامۆستا مەلا خەلیلی گۆڕەمەری). هێندە غەرقی باس و بابەتەکان بووین، نەمان زانی کاتی بانگی ئێواڕەیە. 
مامۆستا "مەلا عومەر ئیمام"یش خێراخێرا پێوەندی دەگرت کاکە چاوەڕێم بڕیار بوو کاتژمێر چوار بگەنێ؛ چووینە مزگەوتی ئاوخواردە، چەند مناڵێکی لێبوو کە لە پشتی سەری مامۆستای نوێژیان بە کۆمەڵ دابەستبوو، دڵم پێی خۆش بوو، لە هەر مزگەوتێک منداڵ و مێرمنداڵی لێ‌بێ  دەبێ دڵت بەم مزگەوتە خۆش بێ؛ دوای نوێژی جەماعەتی عەسر چووینەوە ماڵی مامۆستا بۆ میوە خواردن و یەکێ پرسی د. ئەحمەد چ ساڵێک لە دایک‌بووی؟ کاک موحەممەد ئەحمەدیان فەرمووی ئەمن وڵام و دەدەمەوە و کوتی کاتی لەدایک‌بوونی ئەحمەد(= دوکتۆر ئەحمەد ئەحمەدیان)، ساڵی 1352ی هەتاوی، لە وەرزی بەهاردا، ڕۆژێکی سەیروسەمەرە بوو. ئەوێ ڕۆژێ مامۆستا مەلا شێخ عێزەدین حوسێنی و مامۆستا مەلا ڕەحیم عەباسی و مامۆستا مەلا سەعید ڕەسووڵی(کامەم) و هەروەها بەرپرسی ئەوقافی ئەوکات، مەلا مەجید نەزهەت‌زادە، هەروەتر شاعیری ناسراو کاک سوارە ئێلخانی‌زادە بەرپرسی بەشی کوردی بەرنامەکانی ڕادیۆ لە ئێران، کە وەک میوان لە مەهاباد بوو، ئەویش هاوڕێ لەگەڵ ئەو چوار کەسایەتییە، میوانمان بوون. بە هەڵکەوت دایکم نەساغ بوو، چوومە خزمەت مامۆستا مەلا سەعید و عەرزم کرد قوربان دایکم ناڕەحەتە، فەرمووی زووبە، بێنە سفرەکەی ڕاخەم هەر بۆ خۆی سفرەکەی پان ڕاخست و سفرەی ڕازاندەوە، ئەو میوانانە کە تازە باس و بابەتی لێدوانەکانیان لە مەڕ  پرسە کۆمەڵایەتی و ئەدەبی و ڕۆشنبیرییەکان دامەزراندبوو، کوتیان مەلا سەعید بۆ وا بە پەلەی؟ کوتی: زووبن با نانەکەمان بخۆین، مامۆستاژن ناساغە، نەیانزانی لەبەر پەلەپەل چوونیان نان خوارد و زوو ڕۆیشتن، دوایە مامان هات و ئەحمەد هاتە سەر دنیا. سبەینێ کە ئەو هەواڵەیان زانی خودا کوڕێکی داوینێ، بەڵێنیان لە بابم وەرگرت کە دەبێ بانگێشتنمان بکەیەوە. حەوتووی دواتر  بانگێشتن ساز بوو بەڵام بەداخەوە کاک سوارە ‌ئێلخانی‌زادە ڕۆیشتبۆوە تاران؛ ئەوەش هەواڵ و باسی لەدایک‌بوونی ئەحمەد.
لە بارەی بەرپرسی ئیدارەی ئەوقافی مەهابادی لە ساڵی 1352ی هەتاوی، دەبێ بڵێم کەسایەتییەکی زۆر زانا و لێهاتوو بە ناوی “مەلا مەجید نەزهەت‌زادە” بوو کە کوردی بادینی بوو. مەلا مەجید جیا لە خوێندەواریی ئایینی وەک مەلایەکی دوازدە عیلم لە خزمەت مامۆستا مەلا موحەممەد وەڵزی ئیجازەی مەلایەتی وەرگرتبوو، لە زانستگای تاران کارناسیی زمان و ئەدەبی عەڕەبی خوێندبوو ، ئەو بەڕێزه دۆستی نزیکی مامۆستا مەلا شێخ‌عیزەددینی حوسێنی و بابم(حاجی مامۆستا مەلا عەبدوڵڵا ئەحمەدیان)بوو، هەمیشە کتێبی بە دەستەوە بوو، زیاد لە ڕادە تامەزرۆی خوێندنەوە بوو. ئاگاداریی تەواوی لەسەر تەفسیری قوڕئان هەبوو، لەگەڵ مامۆستا مەلا شێخ‌عیزەددین و بابم بەحس و مونازەرەی دەکرد؛ ئەوکاتە “تفسیر فی ظلال” تاز‌ە گەیشتبووە موکریان، ئاگاداری تەواوی بەرگەکانی ئەو تەفسیرە بوو، جیا لەوە هەستی نەتەوایەتی زۆر بە هێز بوو. بەداخەوە چەند ساڵ دواتر بە هۆی ڕووداوی تەسادوفی ماشێن کۆچی دوایی کرد.
لەوکاتەدا جاڕێکی تر مامۆستا مەلا عومەری ئیمام پێوەندی گرت و فەرمووی: ئەوە بۆ نەهاتن؟ چاوەڕێتانم، بە کێشانی چەند وێنە بەرەو ئاوایی کۆنەلاجان ماڵاوایمان کرد. پێش سوار بوونی ماشێن، مامۆستا مەلا عەبدوڕڕەحمان ئەحمەدیش پێوەندی بە من گرت و کوتی فڵانی چاوەڕێم زووتر بێن بۆ باغی، ئێواران دیمەنێکی جوانی هەیە. کەوتینە ڕێ. 
مەنگوڕ: لە نێوان ڕێگای ئاوخواردە تا پیرانشار باس لە وشەی مەنگوڕ و ناوچەی مەنگوڕایەتی کرا، مامۆستا لوقمان کوتی: دەڵێن: مەنگوڕ لە مانگرتن هاتووە، دەنگۆیە کە لە هەمبەر دەسەڵاتی ناوەندی مانیان گرتووە و باج و پیتاکیان نەداوە. کاک موحەممەد ئەحمەدیان؛ کوتی: مەنگوڕ، هۆزێکی ناسراوی کوردە، بەشێکی ئەو هۆزە لە ناوچەی موکریان و بەشەکەی تر لە کوردستانی باشوور نیشتەجێن. سەڕۆک عەشیرەت و گەورەپیاوی وەک باپیرئاغا و هەمزئاغا و بایزپاشایان بووە.
کاک موحەممەد لە درێژەدا کوتی وەک لەسەفەرنامەی سەردەشت ئاماژەم پێکردووە دەڵێن: بنەچەکەی هۆزی مەنگوڕ بۆ کەسێک بە ناوی “بابەدەروێش” یان “کادەروێش” دەگەڕێتەوە هەر لەبەر ئەوە بە هۆزی مەنگوڕ دەڵێن “کادەروێشی”؛ ئەو هۆزە لە سەردەمی کەریم‌خانی زەند ساڵی 1166ی کۆچی بە سەرکردایەتیی “باپیرئاغا” لە کوردستانی عوسمانی‌ڕا هاتوونەتە کوردستانی ئێران و لە ناوچەی “یەڵتەمر”، لە 44 کیلۆمیتریی ڕۆژئاوای سابڵاغ نیشتەجێ بوون. 
کاک موحەممەد لە درێژەدا کوتی: لە بارەی خودی وشەی مەنگوڕ، دەلێن: یەکێ لە ماناکانی وشەی مەنگوڕ “مانگ‌کوڕ”ـە؛ واتە وەک مانگ جوانن. دیارە بەشێک لەو هۆزە قەڵافەتێکی جوان و بەرچاویان هەیە. هێندێکیش بۆ مەنگوول کە وشەیەکی مەغوولیە دەیبەنەوە کە ئەوەیانم پێ ڕاست نییە. گەیشتینە ناوشاری پیرانشار، تڕافیک جاڕزی کردین و بامانداوە بەرەو ئاواییەکانی "کاسوورەدێ" و "زێوە". ئەی خوایە لەو دیمەنە جوان و دڵڕفێنانە کە چاو لە تێڕامانیان تێرنابێ، وڵاتێکی بژوێن و زنوێر، لە زێوە تێپەڕین و گەیشتینە "کۆنەلاجان" بەڕاستی کوردستان ئاوەدانە، لەو ویشکە ساڵی و بێ ئاوییە، لێڕە بێ‌ئاوی هەستی پێناکرێ.
کۆنەلاجان
نزیک کاتژمێر شەشی ئێوارێ چووینە بەردەرکی مامۆستا مەلا عومەر ئیمام، بەڕێزیان لەبەردەم دەرگا چاوەڕێی ئێمە بوون. لەحەسارێ ڕایەخ ڕاخرابوو و سەماوەری ڕەژی قژقژ دەکوڵی؛ دوای بە خێرهاتن و چاک و چۆنی، زۆر خاکەڕا و خوماڵی بە کراس و پاتۆڵ و ئاغابانوو لەسەر، لەبن سەماوەر دانیشت و چای بۆ تێکردین و ملمان لە قسان نا.
دوای گێڕانەوەی هەندێک قسەی خۆش و نەقڵ‌ونەزیلە، پرسیار کرا مامۆستا عومەر ئێستاکە خەریکی چی؟ کوتی: ئێستا خەریکی پڕۆژەیەکی گەورەی فەرهەنگ‌نووسینم. وێڕای دەست خۆشی عەرزم کرد مامۆستا مەلا عەبدووڕەحیم ئازەرنیا، مامۆستای گوندی گوێگجەلی سەر بە میاندواو، زۆری هۆگری بە فەرهەنگ هەیە، کەم فەرهەنگ، لە فارسی، عەڕەبی و کوردی هەیە کە نەیبێ؛ مامۆستا عومەر فەرمووی بەڵێ ئاگادارم، بە هەڵکەوت من لەسەر وشەی "بڕوار" قسەم کرد و مەلا ڕەحیم کوتی: لە فەرهەنگی کوردستان دا هەیە، عەرزم کرد یەکەم جار مامۆستا زەبیحی بەکاری بردووە و دوایە دەڵێ کاکە ئەم وشەیە هەڵەیە، کە لە باتی "ڕێکەوت" دەڵێن بڕوار، چون ئەمە هەرکوردی نییە. دوکتۆر ئەحمەدیان، کوتی ئەو هەڵە وپەڵانە زۆرن وک ئەوە زۆر کەس، تەنانەت نووسەرانی ناسراویش دەڵێن: "بەتوانا" لە حاڵێک دا "توانا"یە، پێشگری“بە”یەکەی لەگەڵ نییە، چون «توانا»، خۆی ئاوەڵناو و سیفەتە و ئەو پێشگرە زیادییە و حەشوە و هەڵەیە؛ یا دەڵێن زانکۆ، ئەمەش هەڵەیە، دەبێ بکوترێ زانستگا و پڕۆفیسۆر ئەوڕەحمان حاجی مارفیش هەر پێی ئاوایە؛ کوتی زۆرم سرنجی داوەتە مامۆستا مەسعوود موحەممەد کە لە هەڵبژاردنی وشەدا لە مامۆستا هەژار وردتربین‌ترە.
نامەگۆڕینەوە نێوان مەلا عومەر و عەبدووڵڵا پەشێو
کاتێک باسی خەمی زمانی کوردی کرا، مامۆستا عومەر ئاماژەی بە نامە گۆڕینەوە لەگەڵ مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێو کرد، فەرمووی: ئەم دڵەڕاوکەی خۆم عەرز کردووە و بەڕێزیان وڵامی داومەتەوە؛ عەرزم کرد تکایە پێمخۆشە دەقی نامەکەت و وڵامی مامۆستا پەشێو ببینم،  فەرمووی ئەوە دەقی نامەکەی منە:
ساڵی 1394ی هەتاوی لە کۆنەلاجان ڕا 
“نامه‌یه‌کی سه‌رئاوه‌ڵا بۆ به‌رێز و خۆشه‌ویست مامۆستا عه‌بدوڵڵا په‌شێو. سڵاو ئه‌ی سوڵتانی هه‌رێمی شێعری پاراوی کوردی، شاعیری هه‌ست و هه‌ڵوێست، به‌رده‌وام بی. سڵاو ئه‌ستێره‌ی کاروانکوژه‌ی به‌ربه‌یانی هه‌سته‌کانم . که‌عبه‌ی نێوان هه‌ردوو چاوت ماچ ده‌که‌م، کە به‌ هه‌ستی پیرۆز و به‌ هزروبیری کوردانه‌ت، به‌ ملوانکه‌ی‌ شێعری شاعیرانه‌ت، به‌ شه‌هدی وشه‌ی خرپن و خنجیلانه‌ته‌وه‌، ته‌می خه‌مت لێ‌تاراندم، تێتگه‌یاندم و تا ئه‌وپه‌ڕی ئاسۆی ڕوون و لێواره‌ ئاڵتونییه‌کانی خۆر و '' به‌ره‌و زه‌رده‌په‌ڕ'' باڵت پێگرتم. وه‌ره‌ ئازیزم، تۆ ده‌مێک، زمانی ده‌راوی بژوێنی ژوانگه‌ی دڵداران بووی. گوڵه‌ سوور و بۆن‌خۆشه‌که‌ی به‌رۆکی نازداران بووی، به‌ '' شه‌ونامه‌ی شاعیرێکی تینوو'' سێبه‌ر و ساباتی جێژوانی هه‌ناسه‌ی ناسکی کچان و کوڕان بووی، له‌نجه‌ی شێعرت ئاوێته‌ی ترپه‌ی دڵی بێ‌قه‌رار و ده‌ره‌تانی شه‌رمی گۆنای ئاڵ و سوورداگیرساوی کێژانی ڕوو به‌ جێژوان بووی.  تۆ بووی گڕی زمانی زامی گه‌لێکی بنده‌ست و خودانی ''دیوانی براکوژی'' و به‌ گژ زۆرداران دا ده‌چوویه‌وه‌. پللاری شێعرت ده‌گرته‌ شووشه‌به‌ندی ته‌لاری ترس و سامی ده‌سه‌ڵاتدارن. تۆ بێزراوی شه‌ڕی براکوژی و خۆکوژی بووی. ئێستا له‌ کوێی؟ بۆ بێده‌نگی، ئه‌ی قه‌ڵه‌مه‌ دنووک‌سووره‌ ئاته‌شییه‌که؟!‌ ئه‌ی ئەو شۆڕه‌سواره‌ی که‌ '' هه‌سپت هه‌وره‌ و ڕکێفت چیا''، ده‌ی ڕکێف لێده‌ و باوان چاوه‌ڕێتم. کام هه‌ور ساباتی بۆ چێ کردووی؟ کام تیشکی خۆره‌ به‌ ڕووتدا پێده‌که‌نێ و قه‌ڵافه‌تی کوردانه‌ت له‌ باوه‌ش ده‌گرێ؟ کام شنه‌ی به‌ربه‌یانی ئاوێزانی باڵات ده‌بێ؟ ده‌وه‌ره‌ سه‌ر به‌ کاولاشی دڵ داکه‌ با داری به‌رزی باڵات چرۆ ده‌رکا و به‌ری پاراوی شێعرت هه‌ڵڕژێته‌ ناخم. من که‌ فێری نازی به‌هه‌شتی شێعری تۆم، ماسیی زه‌ریای بێ‌بنی دیوانی تۆم، کوا ئه‌مڕۆ به‌ زنچکاوان ده‌حه‌جمێم؛ من چبکه‌م!؟ چۆن بۆ سه‌رجه‌م وشه‌ ناسکه‌کانی ناو دیوانت که‌ دڵداری ده‌که‌ن و خۆشه‌ویستی ده‌به‌شنه‌وه‌ کڕنۆش به‌رم؟ خۆشه‌ویستم گه‌لێک جاران له‌ گوانی ڕاساوی‌ ده‌فته‌ره‌ شێعره‌کانت به‌ شیری هه‌ست و سۆزی کوردانه‌ت،  ته‌سه‌ل بوومه‌ و سه‌رم خستۆته‌ بان نه‌رمایی و پاوانی شێعرێکت و به‌ گژ خه‌ماندا چوومه‌ته‌وه‌. هۆ هه‌توانی ئازاره‌کانم، گه‌لێک جاران شێعرت ئۆخژنی پێداوم، باڵی پێگرتووم، ده‌مم به‌ گشت کانیاوه‌کانی خۆشه‌ویستی جیهانه‌وه‌ ناوه‌، به‌ڵام لۆچێک ئاوم ده‌سنه‌که‌وت سێبووریم بێته‌وه‌؛ شۆره‌کاتی ده‌روونم ته‌نیا و ته‌نیا به‌ کانیاوی هه‌ستت تێراو کراوه‌، ڕه‌نگه‌ بۆیه‌ به‌رخه‌مێچکه‌ی هه‌ودای شێعری زمان پاراوی تۆم. تۆ هه‌ر ئه‌م لووتکه‌ به‌رزه‌ی خه‌یاڵی منی که‌ هه‌ڵۆی هیوام لێی‌ده‌گیرسێته‌وه‌، بۆیه‌ هه‌موو رۆژێ به‌یانیان ڕوو به‌ ئاسۆ و به‌ر له‌ خۆرئه‌نگووتن له‌ باره‌گای شێعره‌کانتا ڕاز و نیاز ده‌که‌م، به‌ بۆن و به‌رامه‌ی باخچه‌ی ڕه‌نگاوڕه‌نگی وشه‌ نازداره‌کانت سه‌رسام و حه‌یران ده‌بم. ئه‌مڕۆ له‌ که‌شێکی قێزه‌ونی زه‌ماندا سه‌رگه‌ردانی شۆره‌کاتێکم، پشووم لێبڕاوه،‌ بڕناکه‌م، بێده‌ره‌تانم. ساڵانی ساڵ دوژمن نه‌یتوانی بوونم له‌ گه‌له‌ستێره‌ی خۆر بسڕێته‌وه‌ و شوناسم ڕه‌شکاته‌وه‌‌؛ به‌ «ته‌عریب» و ئه‌نفال و ژینۆسایده‌وه‌، به‌ربۆتە ژیان و کیان و کەلتوور و زمانم، که‌چی هه‌ر ده‌ره‌قه‌تم نه‌هات. به‌ڵام ئه‌مڕۆ «له‌م نیشتمانه‌ چاره‌ڕه‌شه‌دا» ناسنامه‌که‌م، زمانی زگماکیم، به‌ په‌نجه‌ی نامۆی خۆم خه‌ریکه‌ توون به‌ توون ده‌چێ، ده‌سه‌ڵات و میدیا و ڕۆژنامه‌ و وه‌رزنامه‌، بازرگانیم پێده‌که‌ن. ئه‌م دۆخه‌ بۆچی به‌سه‌رماندا داسه‌پاوه‌ چیتان ده‌وێ؟! «رۆژتان ده‌وێ؟!/ رۆژ له‌ سینگی ئاسۆ دایه‌/ به‌ خه‌نجه‌ران ئاسۆ شه‌ق که‌ن، رۆژ ده‌ربێنن.» هه‌تا که‌ی؟ گاڵته‌ به‌ شوناسی زمانم ده‌که‌ن، زمانێکی ناقۆڵا و ده‌سکرد له‌ گوێچکه‌ی زارۆک و نیشتمانم ده‌چرپێنن،. ته‌نانه‌ت گه‌لێک له‌ نووسه‌رانیش ئه‌م ڕێچکه‌ ئاڵۆزه‌ی زمانیان گرتۆته‌ به‌ر،  تۆ خوا وه‌کوو جاران ڕابه‌وه و‌ ئه‌و دۆخه‌ تاریکه‌ له‌ قاو ده‌. تۆ مرۆڤه‌ قاره‌مانه‌که‌‌ی سه‌رده‌مه‌ سه‌خت و دژواره‌کان بووی و بوێرانه‌ ده‌نگت هه‌ڵبریوه‌. هه‌رگیز ترس و دڵه‌ڕاوکێ ماڵه‌ ئاوه‌دانه‌که‌ی دڵتی نه‌پێکاوه‌. ده‌ هه‌سته‌ ئه‌ی مرۆڤه‌ ڕه‌زاسووک و خوێن‌شیرینه‌که‌ی تێکۆشان، ئه‌مرۆ ئه‌م وشه‌ ناسک و ڕه‌وه‌ک و سڵانەی که‌ به‌ قه‌ڵه‌می خانی و حاجی، پیره‌مێرد و‌ گۆران، هه‌ژار و هێمن، بێکه‌س و په‌شێو و، ده‌یان که‌ڵه‌پیاوی ئه‌و هه‌رێمه‌ ده‌سته‌مۆ کرابوون و ژێرخانی به‌ پێزی زمانی کوردی پێدامه‌زرابوو، ئه‌وەتا گه‌چڵاون، به‌تڵاون، داتاشراون، هه‌ڵپاچراون؛ زمانێکی ڕسکاوی هه‌زاران ساڵه‌ ئه‌مڕۆ دیلی په‌نجه‌ڕه‌شی ده‌سه‌ڵات و میدیا و ڕۆژنامه‌یه‌. کوان خه‌مخۆرانی خوانی ڕه‌نگینی زمانه‌که‌م، به‌ نه‌فه‌سێکی مه‌سیحایی ڕابنه‌وه‌ پرژوپاڵی زمانه‌که‌م داماڵن. ڕاسته‌ زمان گه‌شه‌ ده‌کا به‌ڵام گه‌شه‌کردن له‌سه‌ر بنیچه‌ی زانستی، نه‌ک ڕووخاندن و تێکدانی بینای به‌پێزی زمان، ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ به‌رچاو ده‌که‌وێ به‌ده‌ر له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ یاسا و رێسایه‌که،‌ ته‌نیا شێواندنه‌. بۆیه‌ هانام بۆ تۆ هێناوه‌، ئه‌و ده‌رده‌دڵه‌ له‌گه‌ڵ تۆ ده‌که‌م، ئاهـ و نزووله‌م کڕووزانه‌وه‌ی ده‌روونم، ده‌مێکه‌ وه‌ک خۆرکه‌ به‌ربۆته‌ جه‌سته‌م له‌ هه‌ژمه‌ت زمانه‌که‌م که‌ هه‌ر وشه‌یه‌ک به‌ ڕووبارێک خوێن پاراوه‌ و مه‌زاری «سه‌ربازی ون»ـە و ئه‌نفالێکی تره‌ ڕووی له‌ خولقانه‌. بۆیه‌ له‌ قاپی «پشت له‌ نه‌وا و ڕوو له‌ کڕێوه‌»که‌ت به‌ هه‌نیسکان به‌ دوای کۆته‌ڵی ته‌رمی شه‌ڵاڵی زمانه‌که‌م سه‌رده‌نێمه‌وه‌. که‌ هاوئاستی شه‌ڕه‌براکوژییه‌که‌ی ساڵانی به‌رێیه‌، چه‌نده‌ بێ ناز و شێواوه‌، با هه‌تاوی هه‌ستت تیشکاوێژی ئه‌م دۆخه‌ بکات، هه‌تا زامی ئه‌م په‌تایه‌ تیمار بێت و چیتر له‌و بیابانه‌ به‌ره‌هووته‌دا تاوه‌سووت نه‌بین. له‌ سه‌ر ئیزنت بۆ چرکه‌ساتێک له‌ باره‌گای به‌رزت، زاخاوی دڵم هه‌ڵڕشت و تۆزێک باری گرانی له‌شم سووک بوو. هه‌روه‌ها له‌ کۆتاییدا تاڵ به‌ تاڵی مووه‌ سپییه‌کانی وه‌ک دڵت ماچ ده‌که‌م و له‌ش ساغی و ته‌مه‌ن‌درێژیت بۆ به‌ ئاوات ده‌خوازم.  عومه‌رئیمام
وڵامی مامۆستا عەبدوڵڵا پەشێو:
«ئازیز و خۆشەویست، مامۆستا عومەر ئیمام
سڵاوتان لێ بێ
زۆر سوپاس بۆ ئەو هەستە جوانەی بەرامبەر بە بچووکی خۆتان نیشانتان داوە. ئەم وشانەی جەنابتان ئەرکی سەرشانم قورستر دەکەن. هەمیشە دەڵێم خۆزگە زێترم لە دەست بهاتایە بۆ نەتەوە و خاک و زمانەکەم، خۆزگە، سەد خۆزگە! نامەی ئازیزانی وەک جەنابتان ئەو خەڵاتە بێهاوتایەیە، کە هەموو سامان و پلە و پایەیەکی دنیای بە قوربان دەکەم. نامەی جەنابتان نیشانەی ئەوەیە ڕەنجم  بە فیڕۆ نەچووە و ناچێ. 
مامۆستای ئازیز
خۆشحاڵم کە ڕۆژنامەیەکی وا لە ڕۆژهەڵاتی وڵات دەردەچێ. بەداخەوە، ئەم ماوەیە هەتا بڵێی کەمدەرفەتم. نووسینێکی وا کاتێکی زۆری دەوێ. ئەو نەهامەتییانەی تووشی زمانەکەمان هاتوون زۆر لەوە گەورەترن بە نووسینێک چارە بکرێن. ماڵوێرانییەکە ئیقلیمگیرە. ملیۆنان کەس تەماشای کەناڵی حیزبەکان دەکەن و گوێ لە ڕادیۆیان دەگرن و چاپەمەنییەکانیان دەخوێننەوە، کار گەیشتۆتە ئەوەی زمانی گوندنشینانیشمان وێران بکەن. تێکدانی زمانی کوردی ، بەتایبەتی لە باشوور، بە شێوەیەکی سیستێماتیکی دەکرێ و دەیان ساڵی دەوێ بیگێڕینەوە سەر سکەی جاران؛ ڕێز و خۆشەویستیم قەبووڵ بفەرموو. دیسان سوپاس بۆ ئەو بڕە خۆراکە خۆماڵییە پاکەی بۆ گیانی منتان ناردووە. چاوتان ماچ دەکەم. بچووکی خۆتان عەبدوڵڵا پەشێو.

دەست خۆشی لەم هەوڵ و تەقەلای مامۆستا ئیمام کرا، دواتر باسی مامۆستا هەژار هاتە گۆڕێ، کاک موحەممەد ئەحمەدیان ئەم دەقەی دوکتۆر هادی مورادی گێڕاوە کە لەم کتێبچەیە: «تایبەتنامەی خەڵاتی قەڵەمی هەژار»، درا بە ئامادەبووان؛ کاک هادی لەوێ دا لە ژێر سەردێڕی «هەژاری دارای خاکەسار»دا دەڵێ: خۆم بەختەوەر دەزانم، گەلێک شانازی پێ دەکەم کە دە ساڵان ئاموشۆی مامۆستا هەژارم کردووە و لە زەریای زانستی گۆزەڵە و پیاڵەی خۆم پڕ کردووە. خدە و ئاکاری بەرزی ئەم کەڵەپیاوە بلیمەتە سەرنجمی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوم. یەکێک لە گرنگترین خدەکانی «خاکەساری و بێ‌فیزیی»بوو. خاکەساریی سرشتی و ڕاستەقینە نە سەرزارەکی و ڕواڵەتی.
زۆرم لێ بیست:
«کاکە ئەمن کۆلکەمەلام!»
جارێکیان عەرزم کردن:
«جا ئەر ئێوە کۆلکەمەلان، ئەدی دەبێ مەلا کێ بێ؟»
پێمیان فەرموو: «کاکە! مەلا یانی مەلای جزیری، ئەحمەدی خانی، یانی نالی، مەولەوی تاوگۆزی، مەحوی و ... .» جارێکی تر لێمان پرسی: ئاواتگەلی ژیانت چین؟ فەرمووی: ئەمن تاقە دوو ئاواتم هەیە؛ یەکێکیان بۆ ئەم دنیایە و ئەوەیکەشیان بۆ ئەو دنیا. 
تاقە ئاواتی ئەم دنیایەم: سەربەرزیی کوردستانە.
تاقە ئاواتی ئەولاشم، ئەمەیە کە لەو حوجرەدا کە وا خانی و مەلای جزیری و مەولەوی و مەحوی دەژین؛ جێم دەنێ و ببمە سوختەیان. منیش چایان بۆ لێ‌نێم و گوێی بگرم بۆ قسەکانیان![ل: 21]. 
لە درێژەی ئەم دانیشتەدا مامۆستا عومەر باسی سێ کەڵە شاعیری دەڤەری لاجان و مەنگوڕایەتی کرد کە گەلێ توانا بوون و بە شاعیرانی سەردەمی کۆتایی شێعری کلاسیکی موکریان دەناسرێن و کوتی وتارم لەسەر نووسیون؛ ئاوانە بریتین لە: مامۆستا مەلا موحەممەد زوودی، مامۆستا مەلا عەبدووڕەحمان فاتیحی و  کوڕی سەلیم ئاغای ناسراو بە «عوسمان ئوجاقی»، کە کوڕی سەلیم‌ئاغای ئاڵوەتان و سەردەمێک لای زانای دەڤەری سەردەشت مامۆستا مەلا نەجمەددین کەوکەبی دەرسی فەقێیایەتی خوێندووە و لەگەڵ مامۆستا فاتیحی و مامۆستا زوودی شێعر گۆڕینەوەی هەبووە؛ وتارێکم لە گۆڤاری مەهاباد لە ژێر ناوی «ئەستێرەیەک بە بەڕۆکی لێڕەوارەوە» لە سەر عوسمان وەجاغی نووسیوە.
کۆنەلاجان: سەبارەت بە کۆنەلاجان لە مامۆستا «مەلا عومەر ئیمام»ـم پرسی، کوتی: 280 ماڵە و لە 6 کیلۆمیتری باشووری شاری پیرانشار هەڵکەوتووە، شوێنێکی گەشتیارییە و بە تایبەتی «گەڵی حاجی» و «گەڵی ئاشی». کۆنەلاجان، یەکێ لە کۆنترین ئاواییەکانی پیرانشارە، لە پشتی دێ، قەڵایەکی لێیە بە ناوی قەڵاتگە، شوێنێکە بەسەر ئاوایی کۆنەلاجانێ دا دەڕوانێ، لەسەر ئەم قەڵاتگەیە، دیواری لێ بوو کە بە سارووج دانرابوو. بۆخۆم وەبیرم دێ، کە بەداخەوە شوێنەوارەکەی نەماوە. ئەمن بیستوومە  لە سەردەمی «میر محەممەد ڕەواندز»ـدا سێ قەڵاتی لەم ناوچەیدا بینا کردووە، یەکیان قەڵاتگەی کۆنەلاجانە، یەکیان قەڵاتی "جەڕڕان"ـە و ئەوەی تر لە "پەسوێ"یە. لەسەر خودی قەڵاتگە، شوێنێکی لێبوو کە زستانان هەڵمی لێ دەهاتە دەرێ. ئەگەر بەردیان تێداویشت زرینگەی دەداوە و شڵپەی دەهات، هەر لەوێش مێوی لێبوو. سەبارەت بە نێوی «کۆنەلاجان»، ئەم «کۆنە»یە هەڵەیە و لەڕاستی‌دا «کەونەلاجانە»؛ پیرەپیاوەکانی تەمەن حەفتا هەشتا ساڵە ئێستاش دەڵێن کەونەلاجان. «کەونە» لە کوردیدا بە مانای ئەساڵەت و بنەمایە، وەک کەونەنیشتیمان کەونارا و...بەداخەوە لە کاتی گۆڕینی ناوی ئاوایی و شارەکان ئەم هەڵەیە ڕوودەدا، ئەمە هەڵەیەکی زانستییە؛ چونکە ئەعلام و نێو بۆ زمانێکی تر، نە دەگۆڕدرێ نە وەردەگێڕدرێ.
خوێنەری هێژا! دەزانم ماندووم کردی بەڵام دوو بابەتی گرینگی دی سەبارەت بە کۆنەلاجان هەیە، تکایە جارێ هەر لەگەڵم لە کۆنەلاجان بمێنەوە، با ئەویشت بۆ باس کەم بەڵکە ڕوژێک ڕێت دەم دەڤەرەی کەوێ و بڵێی نووسەر چۆنە ئەوانەی باس نەکردووە؛ یەکەم: ئەم دەڤەرەی لاجان، واتە لە پردی کارخانە تا پردی بادیناوێ پێی دەڵێن «پیران»  کە بە نێوی هۆزی پیران کراوە. دوکتۆر کەماڵ ڕووحانی دەڵێ:«ئەم هۆزە، یەکێ لە دوازدە هۆزەکانی هۆزی عێلی “بڵباس”ـە کە لە نزیکەی ساڵی 1280ی هەتاوی لە ناوچەی “جۆلەمێرگی حەکاری” هەڵکەوتوو لە کوردستانی تورکیە لە ئاوایی “پیران” بە ڕێبەریی “شێخ میری بڵباس”ڕا هاتوون بۆ ئەم ناوچەیە و لە ئاوایی کۆنەلاجان نیشتەجێ بوون.” (تاریخ و فرهنگ پیرانشهر، 58). خاڵی دووهەم؛ 15ی خەرمانانی 1353ی هەتاوی، ئەم ئاواییە، لە لایان ڕژیمی عێڕاق بۆمباردوومان کرا و بەداخەوە 15 کەس لەم ئاواییە شەهید و چەند ماڵ وێڕان بوون.
ناساندنی مامۆستا عومەر: «مامۆستا مەلا عومەر ئیمام» ساڵی 1349ی هەتاوی لە کۆنەلاجان چاوی بە دنیا هەڵێناوە و دوای تەواوکردنی وانەکانی حوجرە لە خزمەت مامۆستا مەلا ئەحمەد سلیمی ناسراو بە «مامۆستای دۆنەخۆر» مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێ. 27 ساڵە لە کۆنەلاجان پێش‌نوێژ و وتاخوێنی ئەم ئاواییە، مامۆستا ئەهلی قەڵەمە و لە چەندین ڕۆژنامە و گۆڤاری ئەم‌دیو و ئەودیو وتاری ئەدەبی، کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی بڵاو بۆتەوە؛ لە چەندین هفتەنامەدا لە ڕیزی دەستەی نووسەران بووە؛ وەک: مێرگژان؛ صدای آشنا و جامیعەی کوردستان. دوو بەرهەمی چاپ کراوی هەیە: «فەرهەنگی ئاژەڵداری» و وەرگێڕانی «ئازادی و بەرپرسیارێتی رووناکبیران» لە نووسینی فەیلەسووفی گەورە کاڕڵ پۆپەڕ.
ئەوجار دوای چەند وێنەکێشانی یادگاری لە ئاوایی کۆنەلاجان بەرەو خانەباغی بەڕێز کاک سەلاح ڕەواق‌بێستوون هەڵکەوتوو لە نێوان ئاواییەکانی گردڕەحمەت و بێکۆسی دەڤەری مەنگوڕایەتی ماڵاویمان کرد.
ماوەیەک بە ڕێگای خاکی‌دا ڕۆیشتین و چوینە شوێنی دیاری‌کراو، بەڕاستی دیمەنێکی گەشتیاری و جێی سرنجە، بەڵام ئەوەی بۆمن ناخ‌هەژێن بوو، هێکتارێک کراوەتە پێنج خانەباغ، کاتێ ئەوەم درکاند، مامۆستا لوقمان کوتی: «فڵانی هەیە نزیکی سێسەدمیتری کڕیوە و بیری لێداوە و کردویەتە خانەباغ». عەرزم کردن، ئیشاڵڵا وانابێ بەڵام دوابینی دەکەم، ئەگەر ئاوا،  ئاو کەمبێ و  بەشی زۆریشی بە بن‌شاخان‌دا ڕاگوێزرێ بۆ پارێزگاکانی تر، ئەم خانەباغانە چۆل و زەویوزار تێکدەچێ، جیا لەمەش ئەمکارە کێشەی چینایەتی درووست کردووە. خۆزیا چاتر بیرمان لێکردباوە، بژیوی خەڵکی کوردستان ئاژەڵداری و وەرزێڕی و جووتیاری بووە کە هەر دووک تەواو لە مەترسی دان. گەیشتینە بینای سیمان‌کراو و بەرق و خانوو بەرە، دەڵێی دەڤەری مەنگوڕایەتی هەمووی بۆتە شار، دەورووبەرمان هەموو خانوو و باغ و چراخانە. دوای ئەحواڵپرسی لەگەڵ مامۆستا مەلا ڕەحمان و ئامادەبووان، بەرماڵ ڕاخران و نوێژی شێوانمان بە کۆمەڵ کرد. باسی ئەدەبی، کۆمەڵایەتی هاتە بەرباس.
جێی خۆیەتی لە یەک دوو ڕستەدا مامۆستا مەلا عەبدووڕەحمان بناسێنم، بەڕێزیان لە دایک بووی ساڵی 1356ی هەتاوییە و لە دەشتی وەزنێی ئاڵوەتان چاوی بە دنیا هەڵێناوە، دەچێتە فێرگەی ئایینی و ساڵی 1378ی لە خزمەت حاجی مامۆستا مەلا سولەیمان ڕووحانی مۆڵەتی مەلایەتی وەردەگرێ. لە زانستگا توانیویەتی کارناسی زانستی سیاسی وەرگرێ. مامۆستا کاناڵێکی تێلگڕامی بە ناوی« تریفەی مانگەشەو» هەیە کە نزیکی هەزار کەسی ئەندامە. ئەمە یەکێ لەبەرهەمەکانی ئەم مامۆستا بەڕێزەیە: 
«خاوەن‌شکۆیان ئێوەم خۆش دەوێ و لە خوای خاوەن‌خێر دەخوازم بە خێرایی خەم و خەفەت‌تان ژێر خاک بخات. 
ئێوە نامۆ نین، بۆ خۆتان خانەخوێن.
پیتی (خ)ێ خاڵی خێرە.
خانانی خامەخەمڵاو، بە خاکەڕایی خۆم هەڵدەخەم، لە بەر خۆری ڕوخساری خەپاڵ و لەمالەم لە خووی شیرین.
بەوپەڕی خاکینەیی وێنەی خولخولە، خول دەخۆم و خووی خەرتەلی، وەلا دەنێم.
تا بیری خاو و مێشکی خاوڕیسم، بە خورج خاپوور بکەم.
من خولیای خەزێنەی خۆشخوانی خودانی خوانی ڕەحمەتم، هەتا خورجێنی خاڵیم بە خێشمەخێشم، لە خەلە و خەرمانی زانستی ئێوەی خونکاری خۆشکایی، بئاخنم.
لە خەمخۆران ئاشکرایە، کە خونچە لە خوناوکەی باران بێ ئاتاج نییە.
دەبێ بە ماریفەت خوول بین و خیگەمان هەڵئاخنین و لە خۆشاوی ئاوەز و خدەی خەمڵیو، بە خێشک بۆ خەلانی زانست، وەڕێ کەوین و لە چنگ خێوی نەفامی، خۆمان خەلاس کەین.
لە خۆخافڵاندن و خۆگنخاندن، لاری بکەین و بە خەست و خۆڵی بەرەو پیلی  خاوەنانی زانیاری هەنگاو هەڵگرین.
بە خەیاڵی جوان و هەگبەی لێوان لە زانایی...دڵی خانگار فراژۆ دەبێتەوە.
و پەتای خەمۆکێ لە ناخدا، دەخنکێندرێ.
لە خانێ‌ڕا سەرانسوێی پەڕاوی خانانی خنجیلان دەکەم، ئەنگۆش دێمەکاری زەینم بە ئەسرینی زێڕینی خامەکانتان تێراو، و خانووچکەی خێڵەکیانەم گڵەبان کەن.
هیوام وایە بە هەوڵ و تێکۆشانی بێ درێخیتان، خەزان ببێ بە وەرزی سەرسەوزی بەهار. خانێ - عەبدوڕڕەحمان ئەحمەدی».
کاری نووسینی مامۆستا زیاتر، بەشی کۆمەڵایەتی و ڕووناکبیریی ئایینی و فەرهەنگییە، کە زۆرتر بە پەخشان دەنووسێ. بەرهەمی چاپ‌کراوی نییە، بەڵام کاری زیاتر وتاردان لە کۆڕوکۆبوونەوەکانی ئایینی و کۆمەڵایەتییە. جیا لەم دۆستانەی ئەمڕۆکە لە خزمەتیان دابووین، بەڕێزان کاک سەلاح و کاک عوسمان کەریمی، کاک حەسەن خوداجوو، ڕاهێنەری کۆنگفووئاڵ و  کاک موحەممەد ئیبڕاهیمی چالاکی مەدەنی و مامۆستا مەلا ئەبووبەکر عوسمانپوور، مامۆستای ئاوایی «قەرەخان»ی مەهاباد تەشریفیان لەوێ بوو.
لەگەڵ مامۆستا مەلا عومەر ئیمام لە تەنیشت‌یەک دانیشتبووین و کوتی: مەلا سەیید بیرەوڕێکم هەیە لە باوکی بەڕێزت(حاجی مامۆستا مەلا سەیید موحەممەد واژی)؛ فەقێ بووم و کتێبی «موختسەرولمەعانی‌»م لەلا دەخوێند، بە ڕەحمەت بێ زۆری پێناخۆش بوو فەقێ ئاغابانووی لەسەر نێ ـ منیش هەر ئاغابانووم لەسەر بوو ـ دەیفەرمووی فەقێ دەبێ مێزەری سپی لەسەر بێ و زۆر جاران ڕووی تێدەکردم و دەیفەرموو مەلا عومەر ئەم کەژووەڕەشە چییە لەسەرتە؟! 
لەم دانیشتنەی ئەمشەوکەدا زیاتر باس لەسەر ئەم چەمک و دەستەواژە و زاراوەانە کرا؛ وەک: بیری نەتەوایەتی، ئیسلام و بزاڤی کوردی و سکولاریسم و، زۆر بابەتی هاوشێوە تاوتوێ کران. هەر وەها پرسیار لەو بابەتە کرا کە ڕووناکبیریی ئایینی و بیری نەتەوایەتی پێکەوە دەگونجێن یا نا.
تا شەو درەنگانێک دانیشتین و ئەمجار ماڵئاواییمان لە خانەخوێ کرد و لەبەر هاتنی میوانەکانم هاوڕێ لەگەڵ مامۆستا مەلا ئەبووبەکر عوسمان‌پوور، پێش‌نوێژ و وتارخوێنی ئاوایی قەرەخانی مەهاباد بەو شەوە گەڕاینەوە مەهاباد، ڕێگا لەڕادەبەدەر شڵووغ و تەڕافیکێکی زۆر و زەوەند بوو، بە تایبەتی ماشێنی قورس و جیا لەمەش ئەم جۆرە چرایانەی ماشێنیش کە ڕاست دەچاوت دەچەقن، زۆرجار هەڵکەوتووە لەبەر ئەەی کە لێخوڕ پێشەخۆی بڕ نەکردووە، گەلێ ڕووداوی دڵتەزێنی لێبکەوێتەوە. لە ناو ڕێگەدا هەندێ لە گوتار و گوفتمانی مامۆستایان هاتە بەر باس. دوایە خوێندنەوە و شی‌کردنەوەی ئەم هۆنراوە لە لایان مامۆستا ئەبووبەکر شی‌کراوە و ئاوا کوترا:
«دەنگۆیە سەید ڕەشید کە لە خانەقای بوڕهان دەبێ و شاعیرێکی زۆر بەرز و کەم‌وێنەیە کە نازناوی «چاوەش» دەبێ، دەیهەوێ بچێتە گوێگجەلی بۆ دوو مەبەستان، یەکیان سەردانی شێخێک کە لەوێ دەبێ و دووهەم شاعیری گەورەش جەنابی میسباحوددیوانی ئەدەب لەوێ دەبێ. کاتێ دەچێ خۆشی بۆ ناگوزەرێ، لەبەر ئەوەی کەسایەتییەکی خاکەڕا و خۆماڵی بووە، خەڵک قوماری پێدەکەن و وادەزانن شێتە یا سواڵکەرە، ئەم دوو کەسایەتییە هیچیان لە ماڵ نابن، چەند ڕستەیەک دەنووسێ لەوێی بە جێی دێڵێ و دوایە میسباح وڵامی دەداتەوە».
دیارە ئەم شێعرگۆڕینەوە لە کتێبی، مەنزوومەی شەمسی دا هەیە؛
سەیید موحەممەد ڕەشید(چاوەش) ئاوا دەڵێ:
چوومە جەرگەی ئەهلی دڵ، جەرگێکی بێ داغم نەدی
ناڵـــەیــی بولــبول لـە بـاغـا، بێ قــڕەی زاغــم نەدی
عــالەمێکم دی ناساغ و یەکی ساغم نەدی
دوور لە مەردانی خودا،  غەیری قوڕمساغم نەدی
ئەمەش وڵامی میسباح(ادب) لە وڵامی سەید ڕەشیددا:
ئەهلی دڵ، دڵ‌داغدارن، بۆیە بێ داغت نەدی
بولبولی ئەو باغە نی تۆ، بۆیە بێ‌زاغت نەدی
تۆ میزاجی خۆت نەساغە پێت نەزانیوە سەید
بۆیە لەو دنیایەدا غەیری قوڕمساغت نەدی
مامۆستا سپهێرەددین دەڵێ: کوردی مەریوانی، ئەم چوارخشتەکییەی سەید بە ئی حەریق دەزانێ و لە کۆتایی دیوانەکەی‌دا هێناویەتی، بەڵام وڵامەکەی میسباح گومان لەوەدا ناهێڵێتەوە کە ئی سەید ڕەشیدە(منظومه شمسی، ابوبکر سپهرالدین، ص ۲۲۲، ۲۲۳)
عەرزم کرد مامۆستا مەلا ئەبووبەکر لەگەڵ نووسین چۆنی، کوتی: بەداخەوە ئەهلی نووسین نیم؛ داوام لێکرد هەموو ڕۆژێ یادداشتی ڕۆژانەی بێ، تەنانەت ئەگەر دوو دێڕیش بێ. کوتی بەڵێنی بێ وابکەم.
دەڵێن قسەکردن جادەی دەبڕێ و تا وامان کرد بەم قسانە گەیشتینەوە مەهاباد. هەموو لایەکتان بە خوای میری مەزن دەسپێرم.
سێ‌شەممە
11ی خەرمانانی 2725ی کوردی
2ی سێپتەمبەری 2025 زایینی
9ی ڕەبیعولئەوەڵی 1447ی مانگی
 

کۆتایی